بەرەو تاوانكردن پەلكــێشیان كرد!!

بێ دایكی و بێ نازی
(فەتاح ئەسعەد شینە) ئێستاكە تەمەنی (35) ساڵە و لە تەمەنی (19) ساڵیدا لەسەر تاوانی دزی (5) ساڵ بەند كراوە. بەڵام ئایا بەڕاستی تاوانەكەی هی ئەوە بووە، ئەوەندە ساڵە لەسەری بەند بكرێ؟ سەرگوزەشتەی (فەتاح) دەبێ چی لەم تەمەنە ناسكەی ژیانیدا بەو چارەنووسە گەیاندبێ، (فەتاح) وەك ئەزموونێكی تاڵی قۆناغێكی ژیانی خۆی تەواوی وردەكارییەكانی دزیكردنەكەی و هۆی ئەنجامدانی ئەم تاوانەی و ئەو بارودۆخەی كە تیایدا دەژیا بۆمان باس دەكات، بەو مەبەستەی وەكو وانەیەك كەسانی تر كە هاوشانی تەمەنی ئەوسای ئەون، سوودی لێببینن و لەوە بگەن كە تاوان كردن دواجار هەر سزای بەدواوەیە و مرۆڤ چەندی پێی بكرێ هەوڵبدات خۆی بە تاوان و تاوانكاری بەدوور بگرێ و هوشیار و بە ئاگا بێ، هەروەها ئەوەش بزاندرێ كە باوك و دایكیش بەرپرسیارێتیان لە بەرامبەر رۆڵەكانیان لەسەرشانە و فەرامۆش كردنیان رەنگە بە یارمەتی بارودۆخی دیكەو هۆكاری دیكەوە فڕێیان بداتە ناو بازنەی تاوان و رووداوی ترسناكەوە. جا با (فەتاح) خۆی سەربوردەی تاڵی بەشێكی گرنگی تەمەنی خۆیمان بۆ باس بكات و بزانین چۆن دەستگیر كراو چی كرد و چی بەسەرهات؟ لەمەوە (فەتاح) بەمشێوەیە دەست بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی كرد و گوتی:
شەوانی بەندیخانە
تەمەنم (19) ساڵێك دەبوو كە گیرام، بە گیرانم و خرانە بەندیخانەوە، بینینمم بۆ ژیان بۆ دنیا گۆڕا، شیشەكانی بەندیخانە و شەوانی لە هاویندا گەرم و لە زستاندا سارد ئەو زەبت و رەبت و ئەو شێوە ژیانەی كە بە زۆر بەسەرتدا دەسەپێندرێ، ئەوسا و ئێستا و تا ماویشم لە بیری ناكەم. رۆژانی هەرە ناخۆشم، رۆژانی سەردانی بەندییەكان بوو، كە جگە لە خوشكەكانم كە بەرامبەرم زۆر بەوەفا بوون كەسی تر نەدەهاتە سەردانم، دایكم ئەوە هیچ كە مردبوو، باوكیشم حاشای لێكردبووم، بۆیە كە سەردانكەران دەڕۆیشتنەوە و كاتی سەردان تەواو دەبوو، دەچوومەوە سەر قەرەوێڵەكەی خۆم و رووم لە دیوار دەكرد و بە كڕی و بێدەنگی دەمێك دەگریام تا كەف و كوڵم دادەمركایەوە ئینجا دەموچاوم دەشووشت و ئارام دەبوومەوە، من تاقانەی دایك و باوك بووم، جگە لەخۆم چوار خوشكم هەبوو، بەڵام دایك و باوكم بەتایبەتیش دایكم و خوشكەكانم هەمیشە و هەموو كات وەكو تاقانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكردم، مردنی دایكم بەراستی كۆستێكی گەورە و كاریگەر بوو، بۆ من و بۆ خوشكەكانیشم كارەساتێكی راستەقینە و دڵتەزێن بوو، كە دایكم مرد من تەمەنم هێشتا دوانزە سێزدە ساڵانێك بوو، تەمەنێكی ناسك و هەستیار بوو، لەو تەمەنەدا چونكە زۆر نازم پێدرابوو، زۆر گۆش كرابووم، زۆر زۆر پێویستم بە دایكم هەبوو، بەتایبەتیش بە مردنی ئەو بۆشاییەكی گەورە لە ژیانم دروستبوو، دایكم هێشتا گەنج بوو كە مرد، خوشكەكانم هەموویان لە من گەورەتر بوون و گەیشتبوونە تەمەنی مێردكردن خوشكە بچووكەكەم نەبێت، دوو سێ مانگی پێچوو باوكم كەڵكەڵەی هێنانی ژنێكی تری كەوتە سەر و بە ماوەیەكی كورت ژنی هێنایەوە و ئێمەی كردە خاوەن باوەژن، دوو خوشكم پاش هاتنی باوەژنەكەم مێردیان كرد و چوونە ماڵی خۆیان، دووەكەی تر مانەوە لەگەڵ من، لە بەدبەختی ئێمە ئەو باوەژنەم ئافرەتێكی تا بڵێی كەللە رەق و دڵرەق و بەرچاو تەنگ و رەزیل بوو، رقی دنیای لە ئێمە بەتایبەتیش من دەبۆوە، كەسێكی بە بۆڵە و بۆڵ و شەڕانگیز بوو، ئەو ماڵەی بەتەنیا بەهی خۆی دەزانی و وایدەزانی ئێمە لێیمان زەوت كردووە، باوكیشی كردبووە ئەڵقە و لە پەنجەی خۆی كردبوو، بەتەواوەتی خستبویە ژێر كاریگەری خۆی و زاڵ ببوو بەسەریدا. بۆیە بە هەموو شێوەیەك دژایەتی دەكردم و لەهەر پێداویستییەك كە پێویستیمان پێی بوایە، چەندی پێی كرابا بێبەشی دەكردین و سێ ساڵێك بەو پەڕی ناخۆشی و بێبەش و مەحرومیەتەوە بەڕێمان كرد، دوای ئەو سێ ساڵە دوو خوشكەكەی تریشم مێردیان كرد و بەتەنیا لەگەڵ ئەو مرۆڤە بێ بەزەییە مامەوە و هێندەی دیكە فشاری دەخستە سەرم و رۆژ نەبوو لای باوكم بوختانێكم پێنەكات، وایلێهات لە چوونە قوتابخانە قەدەغەی كردم و فەرمانەكەشی بە باوكم بەسەریدا سەپاندم.
دەرچووونم لە قوتابخانە
كە گەیشتمە (17) ساڵێك بەتەواوەتی لە ژیانی خۆم بێزار و نائومێد بووم، وەرزی زستانی ئەو ساڵەم بە لەرزە لەرز بەسەربرد، كە لە بێ بەختی خۆم زۆر سارد و بەستەڵەك بوو، باوەژنم بە زۆر لە ژوورێكی بچووكی سارد و سڕی پەستابووم، ئەگەر شەو تا بەیانی لەو ژوورەوە كە لێشی دەخەوتم سۆبەی ئاگر نەسووتایە تا رۆژ هەڵدەهات بە مسۆگەری دانە چۆقەم دەهات و نەخۆش دەكەوتم، چەند جارێك بەهۆی بێ نەوتییەوە سۆبەكەم هەڵنەدەكرد. چەندی پێمدەگوت سۆبەكەم نەوتی تیا نەماوە با نەوتی تێبكەم نەیدەهێشت و دەیگوت بەشی خۆمان ناكات ئەوجا نۆرەی تۆیە، ئینجا بیانووی پێدەگووتم و دەیگوت ئیش ناكات و وەكو مەڕی دابەستی لەماڵ دانیشتووە وەڵڵا ئەوە چییە قوتابییە، خەریكی باوكم بوو، وەكو گوتم لە قوتابخانە دەریانكردم و باوكم لە چێشتخانەیەك كردمییە شاگرد، كاتی كاركردنم بە رۆژ بوو لە چێشتخانەكەدا بەڵام زۆر شەو هەبوو شەوەكەی نەدەچوومەوە و لەناو چێشتخانەكەدا دەخەوتم. ئەوێم لە ماڵەوە زۆر پێ باشتر بوو، چونكە هەم لە بۆڵە بۆڵی ئەو رزگارم دەبوو هەمیش لە دەست ئەو ژوورە ساردە قوتارم دەبوو، ئەوە جگە لەوەی وەستاكەشم پێی خۆش بوو، دەیگوت ئاگات لە چێشتخانەكە دەبێ و پارەیەكی زیادیشی دەدامێ. لە چێشتخانەكەدا جگە لە (غاز) پرێمزی نەوتیشمان بۆ لێنانی چێشت بەكار دەهێنا بۆیە بە بەردەوامی دوو سێ بەرمیل نەوتی پڕمان هەبوو، جا خاوەن چێشتخانەكە جگە لەوەی كە باوكمی دەناسی بۆرە خزمایەتییەكیشی لەگەڵ باوكم هەبوو. جا لەبەر ئەوەی نەوت ئەو ساڵانە زۆر كەم و زۆریش گران بوو، بۆیە زۆر ماڵ هەبوو نەیاندەتوانی شەو تا بەیانی سۆبەی نەوت پێبكەن، بەڵكو بەرۆژ ێپیان دەكرد و بە شەویش دەیانكوژاندەوە. جار جارە خاوەن چێشتخانەكە سەردانی باوكمی دەكرد و دەچووە ماڵەوە، باوەژەنەكەم چەند جارێك پێی گوتم باشە ئێوە مادام لە چێشتخانەدا ئەوەندە نەوتە زۆرەتان هەیە و باوكیشت بۆی ناكڕێت بۆچی جارجارە تەنەكەیە نەوت ناهێنیتەوە ماڵەوە؟ منیش هەموو جارێ رەتم دەكردەوە كە بە دزی وەستام شتی وابكەم، كەچی باوەژنەكەم زیاتر پێداگیری دەكرد و كەوتە ململانێی وا وەكو قیڕو بنێشتە پێمەوە نووسا. خودایە چ لەو ژنە بكەم، لە خۆڕایی دزیم پێدەكات سەری كردۆتە سەرم بە ئامان و زەمان وازم لێناهێنێ، من ملم نەدەدا و ئەویش وازی لێنەدەهێنام، پێم تاوانێكی گەورە بوو دزی لە وەستایەكەم بكەم چونكە لە باوكم زۆر زیاتر باوكایەتی بۆ دەكردم و یارمەتیدەدام و متمانەی پێدەكردم. ئاخیرییەكەی بەناچاری تەنەكەیەك نەوتم لە بەرمیلەكان دەرهێنا و شەوێك بە دزییەوە بردمەوە ماڵەوە، هەفتەیەكی پێچوو دیسان داوای تەنەكەیەكی تری لێكردم، من كەچ بووم و دووبارە كارە نەشیاوەكەم كردەوە، زۆرم پێناخۆش بوو، بەڵام چ دەسەڵاتم نەبوو، بە كورتی لە بەرنامەی دابوو هەموو هەفتەیەك تەنەكەیەك نەوتی بۆ ببەمەوە، هەفتەی سێیەم دیسان بەملكەچییەوە هەمان شتم كردەوە، ئەوەبوو ویژدانم زۆر ئازاری دەدام، بڕیار وابوو ئەگەر واز نەهێنێ، مەسەلەكە بۆ وەستاكەم ئاشكرا بكەم، تومەز لەتەنەكەی دووەمدا بە دزییەوە خەبەری وەستاكەمی دابوو، منیش ئاگام لێی نەبوو، بۆیە وەستاكەم بە رۆژ كە دەهاتە چێشتخانە بێ ئەوەی من پێی بزانم سەیری بەرمیلەكانی دەكرد و حسابی دەكردن، ئەو بەتەواوەتی گەیشتە قەناعەت كە من نەوت لە بەرمیلەكان دەبەم، جاری چوارەم كە دوو هەفتەی پێچوو ئینجا دزییەكەم كردەوە. شەو نازانم چۆن وەستاكەم بە دزییەوە چاودێری دەكردم، بۆ بەختی منیش ئەویش بە كەسێكی ناپاك و دەست پیس و دزم تێگەیشتبوو، بۆ جاری پێنجەم كە من خۆم یەكلا كردبۆوە بە وەستاكەم بڵێم و هەموو شتێكی بۆ ئاشكرا بكەم، بەڵام هەر هێندەم زانی لە كاتی تێكردنی نەوت كە بەخۆی و دوو سێ كارمەندی نەهێشتنی تاوان بە ژووری كۆگا كەوتن و مەسەلەكەم لێ ئاشكرا بوو، ئەوانیش كەلەپچەیان لەدەستم كرد، چەندی كردم و كۆشام و پاڕامەوە گوتم بەس گوێم لێبگرە و بەسەرهاتەكەم بزانە، گوێی لێنەگرتم و تەنیا ئەوەندەی گوت: نەوتی چێشتخانە بدزە و بە باوەژنەكەشت بڵێ كڕیومە بۆ ئەوەی خۆت لای ئەو خۆشەویست بكەی، چیت هەیە و نییە لای دادگا بیڵێ، لای من مەیڵێ، چونكە باوەڕت پێناكەم، ئەوەبوو راپێچكرام و لێكۆڵینەوەم لەگەڵدا كرا.
دوو سێ مانگان لێكۆڵینەوە درێژەی كێشا و دادگاش پێنج ساڵی رەبەقی بۆ بڕیمەوە، دوای بەسەربردنی حوكمی بەندكردنەكەشم كە هاتمە دەرەوە باوەژنەكەم بەنەخۆشی شێرپەنجە مردبوو، باوكیشم چونكە فشاری خوێنی بەرز بوو، چارەسەریشی وەرنەدەگرت و دەرمانی بەكار نەدەهێنا، دوو سێ جار جەڵتە لێیدابوو، دواجار شەوبوو لەماڵەوە ژانە سینگی گرتبوو، هەتا گەیشتبوووە حەوشەكە بەرببۆوە و هەر لەناو حەوشەكەدا كەوتبوو و، گیانی سپاردبوو، خەڵك بەرێكەوت بەتایبەتی هاوسێكان زانیبویان، بۆیە كە ماوەی بەندییەكەم تەواو كرد، هیچ ماڵ و حاڵێكمان نەبوو، خوشكە گەورەكەم منی بردە لای خۆی و دوای چەند مانگێك بە یارمەتی ئەو و خوشكەكانی ترم ژنم هێنا و قۆناغێكی تر لە ژیانم دەستیپێكرد.
گوڵان

 
 
Today, there have been 4 visitors (9 hits) on this page!
This website was created for free with Own-Free-Website.com. Would you also like to have your own website?
Sign up for free